سایتی فه‌رمی گه‌شه‌

له‌پێناو خۆڕێكخستن و خۆئاماده‌كردن به‌ره‌و دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی و ته‌کنۆکراتی كوردستانی هاوچه‌رخ

به‌رنــــامه‌

ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ ـ
ده‌ســـتور

 


 

 

 

 

 

 

 

  له‌ ناڕه‌زاییه‌وه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی
نوسینی/ ژیوار

  هیچ گۆڕانێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى لە چاوتروکانێکدا روونادات، ئەگەر هاتوو بونیادێکى مێژووى لەپشتەوە نەبوو، بونیادى مێژوویش مەبەستمان ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسییەى پشت پەردەى پێشهات و رووداوەکانە، کە هاتنەکایەوەى بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و رووداوە سیاسییەکان، سەرەتاى تەقینەوەى ئەو بونیادە مێژووییە یە کە چى دیکە لە سنورى شورا و دیوارە تەسکەکانى شاردنەوە و خەفەکردندا جێگاى نابێتەوە. دیکتاتۆریى سەرکردە و ناشەفافى و نادیموکراسى ناو حزبەکان و رەتکردنەوەى دەنگ و رەنگە جیاوازەکان، لە مێژووى حزبە سیاسییەکانى کوردستاندا، بونیادى ئەو مێژووەیە کە تا ئەمڕۆ بونیادى حزبە کوردییەکانى لەسەر وەستا بوو، بەڵام لەمڕۆوە دیوارەکانى ئەو بونیادە درز و کەلێنى گەورەیان تێکەوتووە و چى دیکە لەتوانایاندا نەماوە بەپێوە بوەستن، ئەمەش رەورەوەى رووداو و پێشهاتە سیاسییەکانى ناوخۆ و دەرەوەى حزبى خێراتر کردووە و لەدرز و کەلێنە گەورەکانى ئەو دیوارە لەرزۆک و تێکشکاوەوە وردە وردە مێژووى سى ساڵە و پەنجا ساڵەى قەیران و لێکدژییەکانى ناو ئەو حزبانە دزە دەکاتە دەرەوە و لە پەلەقاژەى چاکسازى و گۆڕاندا وا خەریکە سەرتاپاى داروبەردى ماڵ و دیوارى حزبیش بەسەر خۆیاندا دەروخێت و لە تەپوتۆزى ئەو مێژووەى خۆیاندا ون دەبن. لەسەر ئاستى کۆمەڵگا و جەماوەریشدا، مێژووى حەڤدە هەژدە ساڵەى رابردووى ئەم هەرێمە، لە گەمارۆى ئابوورى و برسێتى و بێکارى و ناسەقامگیرى ژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتى و هەڵگیرسانى شەڕى ناوەخۆوە بگرە، تا دەگات بە دزى و گەندەڵى و بەتاڵانبردنى سامانى وڵات و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى و گرانى بازاڕ و هەڕەشەکانى ئێرە و ئەوێ لە ئازادى و ئیدعاى دیموکراسییەکى کەڕولاڵ، بونیادى ئەو مێژووەیە کە هەڵقلیشان و لەرزەلەرزى دیوارەکانى، واخەریکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانى ناڕەزایى جەماوەرى و دەربڕینى ناڕەزایى و بێزارى خەڵکى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بەم بارودۆخە، لەپاڵیشدا بە ئاشکرا قسەکردن لە گۆڕان، چاکسازى، بەدیل و ئەلتەرناتیڤى دەسەڵات، ئەگەرى هاتنەسەرکارى حزبە ئیسلامییەکان و سەرهەڵدانى حزب و بزوتنەوەى تازە و ئۆپۆزسیۆن، نیشاندەرى دیوێکى دیکەى بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستانى عێراقە. لەپاڵ بارودۆخ و پێشهاتێکى ئاوادا، گۆڕەپانى سیاسى و کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردستان، دواى ئەوەى کە ماوەیەکى زۆر بوو وەک گۆمێکى مەنگ دەهاتە بەرچاو، ئەمڕۆ ئەو گۆمە بە چەند بەردێک واخەریکە دەکەوێتە شڵەقێن و ئەو مەنگییەى جارانى خۆى لەدەست دەدات، ئەمەش پرسیارى ئەوەمان لا دروست دەکات کە ئایا دەکرێت ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ سەرهەڵدانى بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى فراوان لە هەرێمى کوردستاندا؟ ئەگەر بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى بەڕێگاوەیە، ئایا سیما و تایبەتمەندییەکانى چین و کارەکتەرەکانى کێن؟ ئایا گازاندە و نارەزاییەکانى خەڵک گەیشتۆتە ئەو ئاستەى کە ببێت بە بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى؟ دیارە هەموو بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى، لەرووى پەیدابوون و سەرهەڵدانەوە هەرەمەکى بێت یاخود ئامانجدار، دواجار دەبێت رێوشوێن و ئامانجەکانى خۆى دەستنیشان بکات، دەستنیشانکردنى ئامانجەکانیش بزوتنەوەى رێکخراو دەهێنێتە کایەوە، یاخود بزوتنەوە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان لە حاڵەتێکى هەرەمەکییەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغى رێکخستن و روونکردنەوەى ئامانجە گشتییەکان و دەستنیشانکردنى رێوشوێنى گونجاو بۆ جوڵانەوە و گەشەکردن، ئەمەش وا دەکات کە هەموو بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى خاوەن جۆرێک لە رێکخستنى تایبەت بەخۆى بێت و بۆ ئامانجەگەلێکى ستراتیژى و گۆڕان کار بکات.



 

www.gasha.info